ئەرکان بیبانی: هیچ سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو هەرێمی کوردستاندا نییە

ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان
ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان، دەڵێت: چەندین تۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیر کردووە. ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نەیهێشتووە هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێک بۆ ترانزێتی ماددەی هۆشبەر.

ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: لەماوەی ڕابردوودا ستراتیجییەیەکی بەهێزمان دارشت تاوەکوو شادەماری هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان وشک بکەین.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان دەڵێت: ڕێژەیەکی زۆری ئەوانەی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، دەستگیر کراون، بە تایبەت لە ساڵی 2023 لە کۆی 3 هەزار و 553 تۆمەتبار کە دەستگیرکراون، هەزار و 71 کەسیان ئەوانە بوون کە لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەر کردووە.

هاوکات باسی لەوە کرد، لە ساڵی ڕابردوو دەستمان  بەسەر 3 تۆن ماددەی هۆشبەردا گرت لە جۆری حەبی کابتاگۆن و لێکزس، کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر مەبەستیان بوو بە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بیگوازینەوە بۆ وڵاتانی دیکە و نەمانهێشت هەرێمەکەمان ببێتە ناوەندێک بۆ ترانزێتی ماددەی هۆشبەر.

ئەرکان بیبانی، ئاماژەی بە دەستگیرکردنی کڕیار و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کرد و گوتی: دەستگیرکردنی ڕێژەیەکی زۆر لەوانەی بازرگانیی بە ماددەکە دەکەن کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر دابەزینی ئاستی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان.

جەختی لەوەش کردەوە، بڵاو بوونەوەی ماددەی هۆشبەرمان ڕاوەستاندووە. ناوبراو گوتی: چەندین تۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتیمان دەستگیر کردووە و هیچ سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو هەرێمی کوردستاندا نییە.