سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازیى له ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیى له ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد و دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
شاندەکە، کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکارییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە خستە ڕوو، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.
ئاماژەشیان بەوە دا، کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.
شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد.
سهرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە، وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تا ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.