بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن دەکەن

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی چاکسازیی تورکمان و حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024 بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پێشوازیی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) دەکەین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داواکارین کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە زوویی  خشتەی زەمەنی پرۆسەکە دابڕێژێتەوە و دەرفەت بدرێتە هەموو لایەنەکان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکە، بەتایبەت درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان.

لەلایەکی دیکەوە، پارتی چاکسازیی تورکمان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وەک پارتی چاکسازیی تورکمان پێشوازیی لە بڕیاری دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.

جەخت لەوە دەکاتەوە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گرنگە بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشبردنی زیاتری پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و دەربازکردنی قۆناغی ئێستای هەرێمەکەمان.

لەلای خۆیەوە، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: هەڵبژاردن بەدەرچەی دەرچوونی هەرێمی کوردستان، لەو بۆشاییە یاسایی و ئیدارییەی تێی کەوتووە، دەزانین. بۆیە، پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئومێد دەکەین هەموو لایەنە سیاسیی و پێکهاتە نەتەوەییەکان هاوکارو هەماهەنگ بن تا هەڵبژرادن لەوادەی خۆیدا و بەشێوەیەکی دروست و تەندروست بەڕێوە بچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.