لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە
K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەی هەرێمی کوردستان تەواو بوو، بڕیاڕبوو ئەم ئێوارەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.
چوارشەممە (26ـی حوزەیرانی 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ کرا؛ لەوانە، لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.
لەم بارەیەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەی هەرێمی کوردستان تەواو بوو، بڕیاڕبوو ئەم ئێوارەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.