عیماد جەمیل: هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا نییە

K24 – هەولێر:
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لە کارەکانیان بەردەوامن و هیچ ئاستەنگێک نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت و جەختی کردەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشیان هەیە.
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: قۆناغێکی باشمان بڕیوە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی تۆمارەکانی دەنگدان، هەروەها دەرکردن و دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان و ئێستاش بەردەوامن لە تۆمارکردنی پارتە سیاسییەکان و کاندیداکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد: کۆمیسیۆن بەپێی ئەو خشتەیەی دایناوە، لە ڕێکارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تاوەکوو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و هەنگاوی داهاتووشیان پەسەندکردنی لیستی کاندیداکانی هەڵبژاردن دەبێت.
سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد: ئەو ڕێکارانەی کۆمیسیۆن دەیگرێتەبەر هەمان ڕێکارەکانی پێشووترە، تەنیا گۆڕان لە پرۆسەکە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانە کە شێوازی خۆ کاندیداکردن و هەڵبژاردن بۆ ئەو کورسییانە بەشێوەی تاکە بۆیەش ڕێکارەکانی ئێستای کۆمیسیۆن، تەواوکاری کارەکانی پێشووە.
هاوکات ڕوونی کردەوە: دوای پەسەندکردنی کاندیداکان، بە تیروپشک ژمارەی لیست و کاندیداکان دیاری دەکرێت و بەپێی بازنەکانی هەڵبژاردنیش کارتی دەنگدان ئامادە دەکرێت بەپێی ژمارەی لیست و کاندیداکان.
لەبارەی ئەو کێشانەی لە کاتی پرۆسەی دەنگدان ڕووبەڕووی دەنگدەران دەبووەوە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، عیماد جەمیل گوتی: کۆمیسیۆن کار لەسەر ڕاهێنانی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکات کە لە فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ پێک دێت. سەرەڕای چاکسازیی لە سیستمەکە، هاوکات ئامێری یەدەگیش دابین کراوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاشکراشی کرد: لە وێستگە و بنکەکانی دەنگداندا، کامێرای چاودێری دادەنرێت و بە وردی بەدواداچوون بۆ کارکردنی ئامێرەکان دەکەن و لە ماوەی ڕابردووش، بەشێوەی ئەزموونی کارپێکردنی ئامێرەکانیانی دەنگدانیان تاقی کردووەتەوە.
عیماد جەمیل ڕاشیگەیاند: کۆمیسیۆن دەرگای تۆمارکردنی بۆ چاودێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە تاوەکوو باجی چاودێریکردنیان پێ بدرێت، جگە لە بوونی چاودێری مێدیایی لە نووسینگەی پارێزگاکان کارتی چاودێرییان بۆ دابین دەکرێت.
زیاتر گوتیشی: بانگهێشتنامەیان ئاراستەی کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی و لەو باوەڕەشداین کە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و چاودێریان دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.