وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا بۆ کوردستان24: پێشوازیی له‌ واده‌ی نوێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشوازیی له‌ واده‌ی نوێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كەین و چاوەڕێ دەکەین هەڵبژاردنەکە بە شیوەیەکی ئازاد و شەفاف بەڕێوە بچێت.

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی 20ـی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بنەمایەکی گرنگی پڕۆسەی دیموکراسییە و چاوەڕێ دەکەین هەڵبژاردنەکە ئازاد و ڕوون بەبێ هیچ دواکەوتنێک بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.