هیوا گەیلانی: پارتی هەمیشە ئامادە بووە بۆ هەڵبژاردن

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دەڵێت: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئێستە بەهێزتر دەکات. هاوکات گوتی: پارتی لەو هەڵبژاردنە دەنگی زۆر باش بەدەست دەهێنێت و پارتی هەمیشە ئامادە بووە بۆ هەڵبژاردن.

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: لای پارتی هەڵبژاردن زۆر گرنگە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاك و ڕوون بەڕێوە بچێت.

ئەو ئەندامەی کۆمیەتی ناوەندیی پارتی دەڵێت: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئێستە بەهێزتر دەکات، پارتی ئامادەکاریی تەواوی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە، پارتی لەو هەڵبژاردنە دەنگی زۆر باش بەدەست دەهێنێت. پارتی هەمیشە ئامادە بووە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هەندێک سەرنج و تێبینیمان هەبوو لەسەر هەڵبژاردن کە پێکهاتەکان تێیدا بێبەش نەکرێن و، ئێستە بەشێک لە کێشەکانی پرۆسەکە چارە کراون، بۆیە ئێمە پشتیوانیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەین.

هاوکات گوتیشی: "پێشبینی دەکەین دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنین و هەر وەک حزبی ژمارە یەک لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە".

ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.

هەر ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، دەستخۆشیی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەم.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان دەکەین.

هاوکات گوتیشی: خوازیارین لایەنە سیاسییەکان بە ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەوە هاوکار بن بۆ سەرخستنی پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیان.