کوردستان24 هۆی لێ بڕانی بەشێک لە مووچەی لیوا هاوبەشەکان ئاشکرا دەکات

پێشمەرگە
پێشمەرگە

K24 – بەغدا:

ئەمرۆ لەکاتی دابەشکردنی مووچەکانیان، بەشێک لە مووچەی لیوا هاوبەشەکان بۆ مانگی حوزەیران بە لێ بڕانەوە دابەش کراوە و بەپێی پلە و ناونیشانی سەربازی پارە لەو پێشمەرگانە کەم کراوەتەوە کە لەچوارچێوەی لیوا هاوبەشەکاندان.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو لێ بڕانەی پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان لە 100 هەزار دینارەوە دەستی پێ کردووە تاوەکوو 500 هەزار دیناریش تێدا بووە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆی لێ بڕانی بەشێک لە مووچەی لیوا هاوبەشەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی دەرماڵەی مەترسی (خطورة) بۆ 50% لەلایەن بەغداوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی پێشووتر لەکاتی مەشق و ڕاهێناندا، بەڕێژەی 70% دەرماڵەی مەترسی بۆ لیوا هاوبەشەکان خەرج کراوە، بەڵام ئێستا کۆتاییان بە مەشقی سەربازیی هێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ سەربازگەکان، بۆیە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دەرماڵەی مەترسی بۆ 50% کەم کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ مەترسییەک لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی لیوا هاوبەشەکان نییە و لەکاتی وەرگرتنی ئەو ناوچانەی بۆیان دیاری کراوە و بۆشایی ئەمنییە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، دەرماڵەی مەترسییان بە ڕێژەی 100% بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

ساڵی ڕابردوو لیوا هاوبەشەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق دروست کران بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی دەکەونە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 و بە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی ناسراون لە نێوان سنووری دەسەڵاتی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

Fly Erbil Advertisment