گۆڵدمان ساکس: ئەگەر کۆمارییەکان سەربکەون بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە

دۆنالد ترمپ
دۆنالد ترمپ

K24 - هەولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یەکەمین دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دامەزراوەی دارایی و بانکی گۆڵدمان ساکس ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردووە و  پێشبینی دەکات سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەتوانێت بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە.

ڕاپۆرتەکەی گۆڵدمان دەریدەخات، بە سەرکەوتنی کۆمارییەکان چاوەڕوان دەکرێت، زنجیرەیەک سیاسەت بەدوای خۆیدا بهێنێت و دەرئەنجام بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بەرز بکاتەوە.

ترەمپ پێشنیازی سەپاندنی دوو جۆر باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان کردووە، بە تایبەت سەپاندنی باجی گومرگی بە 10% لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان، سەپاندنی 60% باجی گومرگی لەسەر ئەو کاڵایانەی لە وڵاتانی دیاریکراو هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن. گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات ئەم سیاسەتە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هاوردەکردن و زیادبوونی خواست لەسەر کاڵا ناوەخۆییەکان و دواتریش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکی.

لە هەمانکاتدا ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری وەڵامدانەوەی وڵاتانی دیکە لە بەرامبەر سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر لەسەر کاڵاو هاوردەکراوەکان، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دروست بکات کە پشت بە بازاڕی دەرەکی دەبەستن بۆ فرۆشتنی کاڵاکانیان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هەناردەکردن، ئەمەش دەتوانێت کێبڕکێی نێودەوڵەتی کەمبکاتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر داهات و قازانجی کۆمپانیاکان دروست بکات.

جەختیشدەکاتەوە، پشکی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییانەی کە پشت بە داهاتی دەرەکی دەبەستن دەکەونە ژێر فشارەوە، لەو نێوەندە کەرتی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی کە بەرکەوتنێکی زۆریان لەگەڵ فرۆشی نێودەوڵەتی دا هەیە.

Fly Erbil Advertisment