لە زاخۆ مۆڵەت بە 48 پرۆژەی وەبەرهێنان دراوە
K24 – زاخۆ:
لە زاخۆ مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدرێتە 48 پرۆژە، لە چوار ساڵی ڕابردووشدا 15 پرۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون، یەکێک لەو کەرتانەش کە بە رێژەی 27% پرۆژەی تێدا جێبەجێ کراوە کەرتی گەشتیارییە، ئەمەش بووەتە هۆی هاتنی ڕێژەیەکی بەرچاوی گەشتیار و ساڵانە نزیکەی 400 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن.
عاسم شێخۆ، سەرپەرشتیاری پرۆژە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو پرۆژەیەی کە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە هۆتێل، مۆتێل، هۆڵی بۆنەکان، پارک و کۆرنیشێکی چیایی، تێدایە، هەر شتێک کە تایبەت بێت بە گەشتیار لە پرۆژەکە شوێنی کراوەتەوە.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا 15 پرۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار، لە زاخۆ جێبەجێ کراون.
لای خۆیەوە دڵشاد خەلیل، بەڕێوەبەری مۆڵەتپێدان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی زاخۆ دەڵێت: "ساڵانە نزیکەی 400 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ دەکەن، بۆیە زۆرینەی پرۆژەکانی ئێمە لە سێکتەری گەشتیاریی دایە".