لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ڕەوانەی بەغدا کرا

مووچە
مووچە

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا کرا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان یەکلایی دەبێتەوە.

ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و لە نزیکترین دەرفەتدا ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپات کرایەوە کە ئەنجوومەنی وەزیران خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.