دووکانداران داواکارن تاوانباران توندترین سزا بدرێن
دووکاندارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، داوا لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، سووتێنەرانی بازاڕەکان بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
دووشەممە، 1ـی تەمووزی 2024، دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، کە دوو لە سووتێنەرانی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک ئەندامانی یەکەی حەفتا و دژە تیرۆری سلێمانین و سەر بە پەکەکەن، کاردانەوەی لەناو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە؛ یەکێک لە دووکاندارەکانی شاری هەوڵیر بۆ کوردستان24 دەڵێت، "ئێمە خەڵکی بازاڕین، دەزانین هەر ڕووداوێکی ئاگر کە ڕوو دەدات دوو دووکان تێپەڕ ناکات، بەڵام ئێمە لە سەرەتاوە زانیمان کە ئەو ئاگرکەوتنەوەی ناو بازاڕەکانی هەولێر دەستە، بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ تاوانبارێک لەدەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربازی نابێت، ئێمە حکوومەتی هەرێممان لە پشتە و داواش دەکەین قەرەبوومان بکرێتەوە".
ئەو دووکاندارە دەشڵیت: "ئەو کەس و لایەن و گروپانە هی ئەوە نین حکوومەت لەناو زیندان ڕایانبگرێت، بۆیە داوامان لەسەرۆکوەزیران هەیە تا بە توندترین شێوە سزا بدات، چونکە ئەوە تەنیا دووکانی منی نەسووتاندووە، بەڵکو زیان بە دووکانی زیاتر لە هەزار کەس گەیاندووە. دووکاندار هەیە سێ خێزان یاخود دووانی لەسەرە و وێرانی کردوون".
گوتیشی: "ئێمە سەرۆکوەزیران بە باوکی خۆمان دەزانین، ئەو باوکی هاووڵاتییانە و داوای لێ دەکەین بەدەنگمانەوە بێت، چونکە بازاڕەکە بەشێکی شوێنەوارە و بەشێکیشی بازاڕەکەیە".
لەلایەکی دیکەوە دووکاندارێکی دیکە دەڵێت: "سوتاندنی بازاڕ زیانی چوار دەفتەر و نیوی پێ گەیاندووم، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، بە توندترین شیوە سزایان بدات. هەژارێکی وەکو من گوناهی چییە؟ ئێمە هەموومان منداڵە هەژارین و کوردین، ماوەی 36 ساڵە لە بازاڕی قەیسەری هەولێرم و ژیانم لەسەر دووکانەکەم بوو بە دوو کاتژمیر هەمووی لەناو چوو. ئێمە هەموومان دەچین بە زووترین کات سکاڵایان لەسەر دەنووسین".
دووکاندارێکی دیکەش گوتی، " ئێمە بەزووترین کات سکاڵا لەسەر بکەرانی سووتانی بازاری هەولێر و کەرکووک و دهۆک دەکەین، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی دەکەین، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران".
گوتیشی، "سووتانی بازاڕەکە نزیکەی هەشت دەفتەر زیانی پێگەیاندووم، دەمانەویت حکوومەت هەرێم تۆڵەی 228 دووکان لە تاوانباران بکاتەوە، چونکە ئەو بازاڕە بژێویی ژیانی خەڵکی لەسەرە و بە چاوی هەولێر ناسراو بوو، سووتانی بازاڕەکەش کاریگەری لەسەر هەموو بازاڕ کردووە نەک تەنیا بازاڕی قەیسەری هەولێر".
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.