فیلمی دەرهێنەرێکی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی 'دیومێڵا'ی بەدەست هێنا

فیلمێکی دەرهێنەری گەنجی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی 'دیومێڵا'ی لە ئیتالیا بەدەست هێنا.
فیلمی (لەبن باری ژیاندا) لە دەرهێنانی دەرهێنەری گەنجی هەرێمی کوردستان، کەهی تیتەب، خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی "دیومێڵا 30" بە دەست هێنا کە لە شاری میلانی ئیتالیا بەڕێوە چوو.
150 فیلمی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە کێبڕکێیان لەسەر ئەو خەڵاتە دەکرد، کە لەلایەن دەرهێنەرانی 80 وڵاتی جیاوازە بەرهەم هێنرابوون؛ کەهی تیتەب، تاکە دەرهێنەری کوردی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بوو و توانی خەڵاتەکە بباتەوە.
فیلمی (لەبن باری ژیاندا) چیڕۆکی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێکوچکەی سنووریی عێراق و ئێران و تورکیا نیشان دەدات و سەروەر محییەددین، بەرپرسی بەشی بەڵگەفیلم (دۆکیۆمێنتەری)ـی کوردستان24 بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە.
فێستیڤاڵی "دیومێلا 30" ساڵانە، بە هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوی یوئێن لە شاری میلانی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت.