مه‌حما خه‌لیل: ده‌نگدانه‌كه‌ی ئەنجوومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانی عێراقمان بیر ده‌هێنێته‌وه‌

مه‌حما خه‌لیل
مه‌حما خه‌لیل

په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌كارلابردنی سه‌رۆك شاره‌وانیی و سه‌رۆكی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی سنووره‌كانی نه‌ینه‌وا نایاساییه‌ و پێشێلكردنی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2ـی ته‌ممووزی 2024، مه‌حما خه‌لیل، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، له‌كارلابردنی سه‌رۆك شاره‌وانیی و سه‌رۆكی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی سنووره‌كانی نه‌ینه‌وا نایاساییه‌ و پێشێلكردنی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌ و پێشێلكردنێكی ئاشكرای مادده‌ی 47ـی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌.

مه‌حما خه‌لیل سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، دەنگدانی ئەنجوومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ دەرکردنی 31 کەس لە سەرۆک شارەوانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، هەروەها دەنگدان بۆ دانانی 21 کەس لە شوێنی ئەوان، كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌خاته‌ بیری هه‌مووان و به‌ پێی یاسا دیموكراسییه‌كانی عێراق ڕێگه‌پێدراو نییه‌.

مه‌حما خه‌لیل داوایشی لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ بكات و ڕێگه‌ نه‌دات  ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا خۆی بخاتە شوێنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری.

ناوبراو گوتووشیه‌تی، یه‌كه‌م ده‌رئه‌نجامی بڕیاره‌كه‌، هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كان بوو له‌ لایه‌ن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال، خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف، عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە زۆرینەی دەنگ دیاری کرد.

ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.

ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی ئاماژەی بەوەشکرد: بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و پێشێلی یاساکانی کردووە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستوورییان هەیە، ئەو بڕیارەیان داوە.

پێشتریش ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کرد: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.