ئەحمەد کەنعان کیکی: بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا نایاسایی بوون

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتیی هەر لە یەکەم ساتەوە لە مووسڵ لەگەڵ ڕەیان کلدانیدا بووە، تاکە بڕیاریان ئەوەبوو کە ڕەیان چی بڵێت ئەوانیش بڵێن بەڵێ بەڕێزم.

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاسایی بوون، ئەوانەی سەر بە حەشد و ڕەیان کلدانی بوون زۆر دەمێكە پلانی ئەوەیان هەبوو دەسەڵاتی پارتی لە نەینەوا کەم بکەنەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، باسی لەوە کرد، بەهۆی بڕیارە نایاساییەکەوە فراکسیۆنی پارتی ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد.

کیکی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و پێشێلی یاساکانی کردووە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستوورییان هەیە، ئەو بڕیارەیان داوە.

باسی لەوەش کرد، یەکێتیی هەر لە یەکەم ساتەوە لە مووسڵ لەگەڵ ڕەیان کلدانیدا بووە، تاکە بڕیاریان ئەوەبوو کە ڕەیان چی بڵێت ئەوانیش بڵێن بەڵێ بەڕێزم.

ئەحمەد کەنعان کیکی، دەڵێت: لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەین و چونکە ئەوەی ئەمڕۆ کرا بە هەموو شێوەیەک نایاسایی بوو و کودەتا بوو دژی یاسا و ڕێککەوتنی سیاسیی.

پێشتریش ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کرد: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال، خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف، عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە زۆرینەی دەنگ دیاری کرد.