عێراق سێیەم وڵاتە لە بەفیڕۆدانی گازی سروشتیی

سووتانی گازی سروشتی
سووتانی گازی سروشتی

یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن ئاشکرای دەکات لەماوەی ساڵی رابردوودا 10 وڵات پیشەنگی ئەو وڵاتانەن کە گازی سرووشتی بەفیڕۆدەدەن، کە عێراق لە ریزبەندی لیستەکەدا سێیەم وڵاتە، هەروەها ساڵی رابردوو عێراق بڕی 200 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بەفیڕۆداوە، هاوکات لەمانگی ئاداردا گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران ئیمزا کردووە کە قەبارەی دارایی شەش ملیار دۆلارە.

وەزیری نەوتی عێراق، لە دوایین لێدوانیشیدا بۆ کوردستان24 دووپاتیدەکاتەوە کە ناتوانن دەستبەردای هاوردەکردنی گازی ئێران ببن.

لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات لەماوەی ساڵی رابردوودا 10 وڵات لە رێزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە گازی سرووشتی بەهەوادا دەسوتێنن کە بریتییە لە بەفیڕۆدانی گاز، سەرباری ئەوەی عێراق گازی سرووشتی لە وڵاتانی دیکە هاوردە دەکات لە ریزبەندی لیستەکەدا سێیەم وڵاتە.

یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن رایدەگەیەنێت سووتاندنی گازی سرووشتیی لەهەوادا لە ساڵی 2023 لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە 148 ملیار مەتر پێ سێجا بووە، بەبەراورد بە ساڵی 2022 بڕی نۆ ملیار مەتر سێجا  زیادیکردووە، ناوەندەکە دووپاتیدەکاتەوە بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی نەک تەنیا زیانی دارایی بەڵکو  بەوپێیەی گازی کاربۆنی ژەهراوی لە هەوادا زیاد دەکات، لێکەوتەی خراپی بۆ سەر ژینگە و ئاوو هەوا دەبێت.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەریزبەندی لیستەکەدا سێیەم وڵاتە، ساڵی رابردوو بڕی 200 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی لە هەوادا سوتاندووە کە بەرێژە دەکاتە 17.7%.

 لەماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو،  لە هەوڵی ئەوەدان لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە دوو قۆناغ کۆتایی بە بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی بهێنن کە قۆناغی یەکەم لەرێگەی پلانێکی سێ ساڵەیەو، قۆناغی دووەمیش لەماوەی پێنج ساڵدا دەبێت، هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2023  ساڵانە بە بەبەهای 12ملیار دۆلار گازی سرووشتی بەفیڕۆ دەدرێت.

لەکاتێکدا بەهەردانی گازی سرووشتی بەردەوامە هاوکات حکوومەتی عێراق لە 27ـی ئادار رایگەیاند بەمەبەستی پشتیوانیکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، گرێبەستێکی دیکەیان بە بڕی شەش ملیار دۆلار لەگەڵ ئێران کردووە بۆ هاوردەکردنی 50 ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە لە گازی سرووشتی ئێران و ماوەی گرێبەستەکەش پێنج ساڵە.

 هاوکات ڕۆژی سێشەممە، 2ـی تەمووزی 2024، وەزیری نەوتی عێراق تایبەت بە کوردستان24  ڕایگەیاند کە ناتوانن دەستبەرداری هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێران ببن.