حکوومەتی عێراق زەوی بۆ ڕێگەی گەشەپێدان تەرخان دەکات

K24 – هەولێر:
لێژنەی باڵای پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بڕیاریدا هەموو ئەو زەوییانەی دەکەونە سەر ڕێگەی بنیاتنانی ڕێگەی گەشەپێدان بەشێوەیەکی یاسایی وەربگیرێتەوە و خاوەنەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە.
ڕۆژی (5ـی تەمموزی 2024) ناسر ئەسەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ گەمارۆدان و هەڵسەنگاندنی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی دەکەونە بەر درێژایی ڕێگەی گەشەپێدان.
ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو لێژنەیەی پێکدێت، هەڵدەستێت بە دیاریکردنی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی زەوییەکان و دواتر قەرەبووکردنەوەکان، ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئەو مەبەستە فەرمانی دادگا دەردەکرێت بۆ ئەوەی هەنگاوەکان بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەبچن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشێکی کەمی ئەو زەوییانەی دەکەونە سەر ڕێگەی پرۆژەی گەشەپێدان، خاوەندارێتییان بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە و زۆربەی زەوییەکان، موڵکی دەوڵەتە، بۆیە قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکرێتەوە کە بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە زەرەرمەند دەبن.
پێشتریش بۆ ئەو مەبەستە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردبوو، داواشی کردبوو لە زووترین کاتدا، دۆسیەی تەرخانکردنی زەوی و یەکلایی کردنەوەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی دەکەونە سەر ڕێگەی گەشەپێدان یەکلایی بکرێتەوە.
ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێگەیەکی ئاسنین و ئۆتۆبانی نێودەوڵەتییە لە بەندەری فاوی باشووری عێراقەوە دەست پێ دەکات و دوای ئەوەی ناوچەکانی عێراق دەبڕێت لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە لە دەشتی نەینەوا دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرەو سێمێل و دەڤەری دێرەبوون دەڕوات تا دەگاتە سنووری تورکیا.
بەپێی خشتەی کۆتایی ڕێگەى گەشەپێدان، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە خابوور کۆتایی دێت، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
هەروەها پلان هەیە پارێزگای کەرکووکیش بەم ڕێگەیە ببەسترێتەوە و بە گوێرەی پلانەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم ڕێگەیەوە ساڵانە 22 ملیۆن تۆن دەبێت. ڕێگەکە لە بەندەری فاو تاوەکوو پارێزگای نەینەوا هەزار و 200 کیلۆمەترە لە خاکی هەرێمی کوردستانیش تاوەکوو سنووری تورکیا 117 کیلۆمەترە.
گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ دەستپێبكات و لە 2050 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە، کە بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.
ڕۆژی (23ـی ئایاری 2024) وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق و کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگەی ئاسنینی گەشەپێدان کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵییە، یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد، دوای ئەوەی بەغدا ڕەزامەندی نیشاندا کە ئاراستەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت.
ئیمزاکردنی یاداشتەکە لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو کاتێک لە 12ـی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی نەخشەی ڕێگەی گەشەپێدانیان پێشنیاز کردووە، پلانێکی هەڵەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ بێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووریی زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووریی بۆ خەڵک دەبێت.