سەرۆکی شارەوانی هەولێر: کارە خزمەتگوزاریەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک بەر لە وادەی خۆی  تەواو بکرێن

خزمەتگوزارییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک
خزمەتگوزارییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پرۆژەی کارە خزمەتگوزاریەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆکی ڕاسپارد، بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پرۆژەکە تەواو بکەن.

دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، هاوکات دووپات کردنەوەی هەریەک لە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر  بۆ خێرا جێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر  لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندازیارانی سەرپەشتیار،" پڕۆژەی کارەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆکی بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە، هاوکات سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکەی ڕاسپارد کە هەرچی زووە پڕۆسەی کارە خزمەتگوزاریەکانی کەرتی ناوبراو تەواو بکرێت و هەنگاوەکان خێراتر بکرێن لە پێناو ئاوەدانیی و خزمەتکردنیی هاووڵاتیان.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاشکرای کردووە، لە ئێستادا کار لە دروستکردنی شەقامەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک بەردەوامەو کۆی کارەکانیش لەلایەن ستاف و تیمی خۆماڵی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر سەرپەرشتی و جێبەجێ دەکرێت .

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە12ـی ئایاری 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی لە شاری هەولێر کرد.

دوای ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی کێشە و گرفتەکانی ئەو زەويیانە بۆ سەرۆکی حکومەت خستەڕوو، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ، کێشەکانیان چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات .

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە ،  لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا ، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێبکات. 

2ـی حوزەیرانی 2024 بێجان محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی بڕیاری دابەش دووی زەوییەکانمان بووین، بەڵام کابینەی نۆیەم بووە سەرچاوەی هیوا و دڵخۆشی بۆ ئێمە و سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە بڕیاری دابەش دووی زەوییەکانمانی دا.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیران بەڵێنەکانی خۆی کردە کردار و خزمەتگوزاریی گەیاندە گەڕەکەکە، ئێستە وا شەقامەکان قیرتاو دەکرێن و بیری ئاو لێدەدرێت.

ڕۆژی یەکشەممە 2ـی حوزەیرانی 2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەنگ داوایەكی دیکەی هاووڵاتییانەوە دەچێت و ڕێکارەکانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو ڕادەگەیەنێت.

پێشتریش وەزیری ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە کوردستان24ـی گوتبوو: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆکی کردووە و فەرمانی دەکردووە کە خزمەتگوزاری بۆ بچێت.