مستەفا زوبێر: ئامانجمانە تا ساڵی 2030 قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بگەینینە 20 ملیار دۆلار

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، بەهۆی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، ئێستا بازرگانان زیاتر دێنە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بازرگانانی تورکی و ئێرانی و کەنداو.

ئەندازیار مستەفا زوبێر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی بازرگانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای نەمانی داعش، پرۆسەی گەشەی ئابووریی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێش چوو، بەتایبەتی لەو کابینەیەدا، سەرمایەداران ڕوویان لە کوردستان کرد.

ئاماژی بەوەش دا، ئێستا دەبینین چەندین پرۆژەی ستراتیجی لە کوردستان دامەزراوە، ئەمەش بەهۆی سەقامگیرییەوەیە، دەشڵێ: ئەو بازرگانانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان لە تورکیاوە هاتوون، لەدوای ئەوان ئێرانییەکانن، دوای ئەویش بازرگانانی وڵاتانی کەنداو، وەک سعوودیە و ئیمارات.

مستەفا زوبێر، باسی لەوەش کرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بە ئاستی مامناوەندی 12 ملیار دۆلار بووە، ئامانجیشمان ئەوەیە بۆ ساڵی 2030 قەبارەی بازرگانیمان بگاتە 20 ملیار دۆلار.

سەبارەت بەو کاڵایانەی کە مامەڵەی بازرگانییان پێوە دەکرێت، ڕوونی کردەوە، هەندێک کات پێداویستی بیناسازی بووە، بەڵام بەهۆی دروستکردنی کارگەی شیش و چیمەنتۆ و ئاسن، ئارەزوو لەسەر هاوردەکردنی ئەو کاڵایان کەم بووەتەوە، هەروەها پێداویستی خۆراکیش هاوردە دەکرێت، دوای ئەویش کەلوپەلی کۆزمەتیک و پاککەرەوە هاوردە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment