قەبارەی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل زیادی کردووە

دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل

K24 – هەولێر:

ماوەی چەند ساڵێکە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە بەردەوام زۆر دەبێت، ئەوەش بە هۆی ئەو ئاسانکارییانەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە بازرگانانی کردووە.

فارس سەعید، یەکێکە لەو بازرگانانەی کە لە دەروازەکەوە کاڵا هاوردە دەکات، بۆ کوردستان24، باس لەوە دەکات کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئێستە کاری بازرگانان زۆر ئاسانتر بووە.

دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بووەتە هۆی بە یەکەوە بەستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپاوە، ئەوەش پێگەیەکی بازرگانیی و ستراتیجیی گەورەی بە دەروازەکە بەخشیوە.

لەتیف عوسمان، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: ئاسانکاری زۆر بۆ بازرگانان کراوە و ڕۆتینەکان کەم کراونەتەوە. لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، هەم جووڵەی بازرگانی زیاتر بووە، هەم ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان کراوە.