ئیسماعیل حەدیدی: پارێزگار هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکە
ئەمینداری حزبی هەدەف ڕایگەیاند، پارێزگاری کەرکووک هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکە. تاکو ئێستەش کێشەکان لەنێوان عەرەب، تورکمان و کورد و هەموو پێکهاتەکان بەردەوامە.
ئەمرۆ هەینی، 12ـی تەمموزی 2024، ئیسماعیل حەدیدی، ئەمینداری حزبی هەدەف، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشداریکردنمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنێ لەسەر بانگهێشتێک بەشداربووین و زۆر قورس بوو، هەروەها دانیشتنەکە ئاسان نەبوو، من نیگەرانم سەبارە بە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.
ئەو ئەمیندارە دەڵێت، "هەرچەندە بڕیار دراوبوو کە هیچ بڕیارێک لە دانیشتنەکەدا نەدرێت و پرۆتۆکۆڵی بێت، من کۆبوونەوەکە بە یەکتربینینێک دادەنێم، یەکتربینینێکی ئیداری بۆ ئەوەی دەسەڵات بدرێت بە ئەنجوومەنی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک، بەڵام چەند هۆکارێک وایکردووە کە ئێمە گەشبین نەبین، ئەویش یەکێکیان دووری هێزەکان لە یەکتر و ڕکابەری هێزەکان لەو پۆست و پێگانەی لە ناوخۆی کەرکووک هەن بەتایبەت پارێزگار".
ئەو ئەمیندارە سەبارەت بە هۆکارێکی دیکە دەشڵێت: "هۆکارەکان زۆرن، ململانێی پێکهاتەکان لەسەر پارێزگاری کەرکووک، ئەمە سەرەکیترین هۆکارە کە بووە هۆکاری دواخستنی ئەنجوومەنی پارێزگار، تاکو ئیستەش ئەو ململانێیە بەردەوامە. ململانێکەش زۆر توندە و کۆمەڵێک پڕۆژەش هەن لەنێوان لایەنەکان پێشکەش کراون، بەڵام ئەو پرۆژانە ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە و لایەنەکانیش نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک، بۆ ئەوەی دەست بکەن بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دانانی پارێزگار".
"من دەڵێم پارێزگاری کەرکووک هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکە. تاکو ئێستەش کێشەکان لەنێوان عەرەب، تورکمان و کورد و هەموو پێکهاتەکان بەردەوامە. هەموو پێکهاتەکان سوورن لەسەرجێبەجێ کردنی پرۆژەکانی خۆیان، ئەو پرۆژانەی کە پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانیان کردووە و دەیانەوێت جێبەجێ بکرێن". ئیسماعیل حەدیدی، ئەمینداری حزبی هەدەف وا دەڵێت.
