لە تورکیا زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بێکارن
لە تورکیا و باکووری کوردستان، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بێکارن، خاوەن کارەکانیش بە هۆی زۆری حەقدەست ژمارەی کرێکارەکانیان کەم کردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری "تویک" لە تورکیا ، لە مانگی ئایاردا ژمارەی بێکاریی بەراورد بە مانگی پێشوو 27 هەزار کەس کەمی کردووە و گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 11 هەزار کەس. خاوەنی ئەم خواردنگەییە دەڵێت: بە هۆی زۆری حەقدەست و پێدانی باج ژمارەی کرێکارەکانی کەم کردوەتەوە و بۆ خۆی کاری کرێکارەکان دەکات .
عومەر بۆڵاک، خاوەنی خواردنگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کرێکار زۆر لە سەرمان دەکەوێت لە بەر ئەوەی پارەی بیمە و باجی بۆ دەدەین و زۆر جارێش بەو حەقدەستەی کە حکوومەت دیاری کردووە ڕازی نیە و ناچارن زیاتر بدەین. پیشتر لێرە هەشت کەس کاری دەکرد بەڵام ئێستە کردومانە بە پێنج کەس لە بەر ئەوەی ناتوانین پارەکەیان پێ بدەین.
تومان یلدز، گۆشتفرۆش دەڵێت: نازانم "تویک" لە سەر چی حسابی کەم بوونی بێکاریی دەکات؟ پێدانی مووچە بە کرێکار فشارێکی زۆر دەخاتە سەرمان و منیش خاوەنکارم و ئەو ئێشەی بە چوار کەس بکرێت بە دوو کەس دەیکەم.
لە تورکیا دەستنیشانکردنی بەرزبوونەوەی و دابەزینی ڕێژەی بێکاری بە پێی سیستەمە وهەرکەس ناوی خۆی وەکوو بێکار تومار کردبێت، ئەوە لە بەرچاو دەگیرێت. لە کاتێکدا کەسانێکی زۆر هەن کە بێهوا بوون لە گەڕان بە دوای کاردا و سەردانی سەندیکاکان ناکەن و خۆیان هەوڵی دۆزینەی کار دەدەن.
مووسا جەیلان، ئابووریناس ڕایگەیاند، دامەزراوەی تویک ڕێژەی بێکاری لە تەمەنی 15 ساڵ تا 65 ساڵ دیاری دەکات کە پێی دەڵین خەڵکی سڤیل، ئەو حساب بۆ ئەو کەسانە ناکات کە سەربازن یا خود فەرمانبەرن و بێکار بوون. تەنانەت ئەوانەش کە بێکارن و سەردانی سەندیکایان کردووە "تویک" دەڵێت بێکار نین ئەوانەشی لە وەرزی هاویند کاری کاتی دەکەن بۆ ماوەی مانگێک دیسان ئەمانەش لە لای حکوومەت بە بێکار حساب ناکرین بۆێە ئامارەکان لە گەڵ واقێعی ژیاندا دوو شتی دژ بە یەکن.
دامەزراوەی "تویک" بە لەبەرچاو گرتنی ئەو داواکاریانەی کە لە سەندیکاکاندا تۆمار کراوە و داوای کار کراوە ڕێژەی بیکاری دیاری دەکات. جگە لەمەش تەنانەت ئەو کەسانەشی بێکارن و نایانەوێت لە تەمەنی خانەنشینی دوا بکەون، بۆ خۆیان پارە بیمە دەدەن کە لە لای دامەزراوەی "تویک" ئەمانەش خاوەنی کاری خۆیانن و لە ڕاستیشدا بێکارن.