تاوەکوو ئێستا شەش سەرۆکی ئەمەریکا لە هەوڵی تیرۆرکران ڕزگارییان بووە چواری سەرۆکیش تیرۆر کراون

وێنەی ئەوسەرۆکانەی ئەمەریکا کە تیرۆرکراون
وێنەی ئەوسەرۆکانەی ئەمەریکا کە تیرۆرکراون

هەندێک خەڵک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە "بەهەشتی ئازادی و ڕووگەی دیموکراسی" دەزانن، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی ئەوەی توندوتیژی سیاسیی لە تیرۆرکردنی ژمارەیەک سەرۆک و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی کەسانی دیکە نەکرێت.

لە کۆی 46 سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی تیرۆرکردنی هەندێکیان دراوە، کە شەش لەو سەرۆکانە ڕزگارییان بووە و چواریشیان تیرۆر کراون، لە کاتێکدا شەش هەوڵی تیرۆرکردنیش شکستی هێناوە؛ هەندێک لەوانە زیاتر لە جارێک هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە، وەک بیل کلینتۆن و باراک ئۆباما کە دوایینیان هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوو و کاندیدی ئێستای سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بوو

جیمی کارتەر 1979

لە 5ـی ئایاری ساڵی 1979، پۆلیسی لۆس ئەنجلۆس تەنها 10 خولەک پێش ئەوەی کارتەر لەوێ قسە بکات، گەشتیارێکی بە ناوی ڕیمۆند لی هارڤی لە دەرەوەی 'سیڤیک مۆڵ'ـی شارەکە دەستگیرکرد. بەگوێرەی گۆڤاری ئەتڵەنتیک، دەمانچە و چەند گۆڤارێکی پێ بووە و هارڤی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەندامی شانەیەک بووە و پلانیان داڕشتووە و هەوڵی تیرۆرکردنی کارتەریان داوە.

ڕۆناڵد ڕیگان 1981

سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان لە 30ـی ئاداری 1981، کاتێک لە هۆتێلی واشنتۆن هیڵتۆن بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی دەڕۆیشت، جۆن هینکلی جونیۆر تەقەی لێکرد گوللـە بەر سینگی کەوت، بەڵام تیمە پزیشکییەکان چارەیان کردوو ڕزگاری بوو.

بیل کلینتۆن 1994

بیل کلینتۆن لە ماوەی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە کۆشکی سپیدا چەندین هەوڵ بۆ تیرۆرکردنی درا، کە سێ هەوڵی تیرۆرکردنیان لە ساڵی 1994دا بووە. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕۆناڵد جین باربۆر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکەکەی داوە لەکاتێکدا وەرزشی ڕۆژانەی دەکرد، دواتریش لە هەمان ساڵدا کە لەلایەن، فرانک یوجین کاودۆر فڕۆکە بچووکەکەی لە باخچەی کۆشکی سپی فڕاندووە وهەوڵی تیرۆرکردنی کلینتۆنی داوە، بەڵام کاودۆر لە ڕووداوەکەدا کوژراوە.

دوای مانگێک لەم ڕووداوە، فرانسیسکۆ مارتن دوران چەند تەقەیەکی لە باخچەی کۆشکی سپی کرد، بەڵام کۆمەڵێک گەشتیار کە لە نزیک شوێنەکە بوون هێرشیان کردە سەری و دەستگیریان کرد.

جۆرج بوش جونیۆر 2001

ڕۆبەرت بیکێت، کارمەندی پێشووی فەرمانگەی داهاتی ناوخۆ، کە تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو، لە مانگی شوباتی ساڵی 2001 چەند تەقەیەکی لە کۆشکی سپی کرد، دواتر پاسەوانێک تەقەی لە ئەژنۆی کرد، ئەمەش لە کاتێکدا بوو جۆرج بوش لە باخچەی کۆشکی سپی وەرزشی دەکرد.

باراک ئۆباما 2011

کاتێک باراک ئۆباما کاندیدی سەرۆکایەتیی بوو لە ساڵی 2008، پۆڵ شێڵسمان و دانیال کۆێرت پلانیان دانابوو 102 ئەمەریکی بەڕەگەز ئەفریقی بکوژن. ئۆباما یەکێک بوو لە ئامانجەکانی تیرۆرکردنەکە، بەڵام پۆلیس توانی پێش جێبەجێکردنی پلانەکە دەستیگیریان بکات. هەروەها لە ساڵی 2011دا ئۆسکار ڕامیرۆ ئۆرتیگا هێرناندێز تەقەی لە کۆشکی سپی کرد، بەڵام لەکاتی هەڵاتنی بە ئۆتۆمبێل، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و دواتر پۆلیس دەستگیری کرد، هێرناندێز دەیگوت ئۆباما دژە مەسیحە، و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2013، نامەیەک کە ئاراستەی ئۆباما کرا بوو، پشکنینی بۆ کرا و دەرکەوت کە ژەهری ڕیسینی تێدابووە. لەوکاتەدا سزای زیندانی 25 ساڵ بەسەر نامەبەرەکە بەناوی جەیمس ئیفیرت دۆتچی سەپێنرا.

لە ساڵی 2015 تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتداران سێ کەسیان بە ناوەکانی ئەبرۆر حەبیبۆڤ، عەبدولڕەسول گوربیۆڤ و ئەخرو سەید ئەخماتۆڤ بە تۆمەتی پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی ئۆباما و پەیوەندیکردن بە داعش دەستگیرکردووە.

دۆناڵد ترەمپ 2024

ڕۆژی شەممە، ترەمپ لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا هەوڵی کوشتنی درا، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان دووریان خستەوە کە تەنها گوێی بەخوێن هاتبوو، وەک ئاماژەیەک کە گولـلە بەر گوێی کەوتبێت، لەو هەوڵە ڕازگاری بوو.

تیرۆرکردن چوار سەرۆکی ئەمریکا کوژران:

1- ئەبراهام لینکۆڵن، لە مانگی نیسانی ساڵی 1865 تیرۆر کرا.

2- جەیمس گارفیڵد، لە تەمموزی ساڵی 1881 تیرۆر کرا.

3- ویلیام مەکینلی، لە ئەیلوولی ساڵی 1901 تیرۆر کرا.

4- جۆن کێنێدی، لە تشرینی دووەمی ساڵی 1963 تیرۆر کرا.