هاکان فیدان: هیچ پەنابەرێکی سووریا ناچار بە گەڕانەوە ناکەین

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: لە ساڵی 2017ـەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ سووریادا هەیە. هاوکات دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریی سووریاین.
یەکشەممە (14ـی تەمموزی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودییە سازکرد و گوتی: "داوای سەرۆکەکەمان لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا گرنگە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، دیدگای سەرۆکەکەیان دیدگای ئاشتییە، تورکیا هەمیشە دەرگای دیالۆگ بە کراوەیی لەگەڵ سووریا دەهێڵێتەوە.
جەختی لەوە کردەوە، لە ساڵی 2017ـەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ سووریادا هەیە و، ئێستە بارودۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت کە بە دوای ئاشتیدا بگەڕێن. فیدان گوتیشی: هیچ پەنابەرێکی سووریا ناچار بە گەڕانەوە ناکەین.
شەممە (13ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو: دەبێت هێزە نایاساییەکان لە سووریا بکشێنەوە و بەرژەوەندیی نێوان وڵاتان لەسەر پەیوەندییەکی دروست بنیات دەنرێت نەک لەسەر ململانێ یان دوژمنایەتی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دابوو: دەبێت پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا بۆ پێش قۆناغی ساڵی 2011 بگەڕێتەوە و هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ تورکیا دەبێت لەسەر بنەمایەکی ڕوون بێت.