بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە، هاووڵاتییەک لە سنووری شێلادزێ شەهید کرا

هاووڵاتیی عوسمان ڕژدی ڕێکانی تەمەن 32 ساڵ بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا شەهید بوو
هاووڵاتیی عوسمان ڕژدی ڕێکانی تەمەن 32 ساڵ بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا شەهید بوو

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست کوردستان24 کەوتوون، کاتژمێر پێنجی بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەممووزی 2024، بەهۆی شەڕی چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا، هاووڵاتییەک لە گوندی بەریسکێی سەر بە شارەدێی شیلادزێ شەهید بوو.

بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکە، هاووڵاتییەک بەناوی عوسمان ڕژدی ڕێکانی، تەمەن 32 ساڵ لەو کاتەی سەرقاڵی هەنگەوانی بووە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید کراوە.

شارەدێی شیلادزێ یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە، زۆرترین شەڕ و  ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری پەکەکە و سوپای تورکیای تێدایە و بەهۆیەوە تەنیا لەم ساڵدا، نۆ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و دوو هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

هەروەها دەیان گوند بەهۆی شەڕ و مەترسییەکانەوە چۆڵیان کردووە و زۆرێک لە هاووڵاتیانیش ڕەز و باخ و بژێوییان لەدەست داوە.