پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی دوانزەی ئامادەیی سنووری هەولێر دەکات
پارێزگاری هەولێر لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، پیرۆزبایی لە قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، شەممە 20ـی تەممووزی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنیەوە، پیرۆزبایی لە قوتابییە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانـى پۆلى ـ12ی ئامادەیی بەشەکانی( زانستی-وێژەیی - پیشەیی) سنورى پارێزگاى هەولێر کرد.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی دەستخۆشی لە یەک بە یەکی قوتابیان کە بۆ ئەم ساڵی خوێندنى 2023-2024، لە سەر ئاستی هەرێمى کوردستان نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
لە ماوەیەکی نزیکیشدا لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، دیاری پارێزگا لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشکەش بەو قوتابیانە دەکرێت.
لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی ماڵپەری ئەزموونەکانەوە، بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامی 122 هەزار و 15 قوتابی لقەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی پۆلی 12ـی لە هەر هەشت پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.
دیما هیوا لە سلێمانی و مەڕوە شێرزاد لە هەولێر لە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
هەروەها زاگرۆس ئیسماعیل عەبدوڵڵا لە گەرمیان و لانە عەزیز شەوکەت لە هەڵەبجە و پەیمان حەمەئەمین نەجیب لە هەڵەبجە و نیگا ئارام دارا لە چەمچەماڵ، پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.
بە گوێرەی خشتەی تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كان بۆ پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی به هه‌موو به‌شه‌كانی زانستی، وێژه‌یی و پیشه‌یی یه‌كشه‌ممه 23ـی حوزه‌یرانی 2024، له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه چوون و لە چوارشەممە 17ی تەممووزی 2024، کۆتا تاقیکردنەوەی خوێندنی تورکمانی و سریانی و پیشەیی بوو.
به‌گوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەم ساڵ بۆ خوێندنی ساڵانی 2023-2024، 122 هەزار و 15 قوتابی به‌شدارییان لە تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كانی پۆلی 12 کردووە کە به‌سه‌ر دوو هه‌زار و 115 هۆڵدا دابه‌ش كرابوون.
سه‌رجه‌م په‌روه‌رده‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له به‌شه جیاوازه‌كانی زانستی، وێژه‌یی و پیشه‌یی 39 هه‌زار و 547 قوتابی به‌شداریی تاقیكردنه‌وه‌كانیان کرد و به‌سه‌ر 680 هۆڵ دابه‌ش كرابوون.
هه‌روه‌ها له پارێزگای سلێمانی، 27 هه‌زار و 376 قوتابی له 423 هۆڵ، له پارێزگای دهۆك 28 هه‌زار و 285 قوتابی له 525 هۆڵ، له گه‌رمیان پێنج هه‌زار و 635 قوتابی له 98 هۆڵ، له هه‌ڵه‌بجه هه‌زار و 794 قوتابی له 39 هۆڵ، له سۆران حه‌وت هه‌زار و 294 قوتابی له 130 هۆڵ، له ڕاپه‌ڕین پێنج هه‌زار و 749 قوتابی له 105 هۆڵ و له زاخۆ شه‌ش هه‌زار و 335 قوتابی له 115 هۆڵ به‌شداریی تاقیكردنه‌وه‌كانیان کردووە.