بازاڕی عێراق و دوو وڵاتی دیکە پڕ دەبێت لە دۆلاری ساختە

دۆلاریی ساختە، بەناوی دۆلاری بلۆککراوی لیبی، لە سێ وڵاتی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە کە یەکێکیان عێراقە، ئێستە لە ڕێگەی سۆشیال مێدیاوە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە دراوە دەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هۆشداریی لە کڕینی ئەو جۆرە دۆلارە دەدەن.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی (نێتوۆرک ئێکس سێرچ) لە %40ی ئەو بۆگەڕانانەی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆ دۆلاری بلۆککراو کراون 17 % بووە وگەڕانەکانیش لە ڕێگەی یوتوب و 11% لەڕێگەی ئینستاگیرام بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی شێوازی مامەڵەکە بڵاوکراوەتەوە، ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەو جۆرە دۆلارە دەکەن، بە کەسانێکی دەفرۆشن کە ئاگاداری ئەو شێوازە فێڵکردنە نین و بە نیوەی نرخ دۆلارەکەیان پێ دەفرۆشرێت، واتە هەزار دۆلار بە 500 دۆلار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا دۆلارەکە ساختەیە و بەناو دۆلاری بلۆککراو دەدرێت بە کڕیارەکان.
بەرپرسانی هەریەک لە بانکە ناوەندییەکانی عێراق سووریا و لوبنان لەوبارەیەوە قسەیان بۆ مێدیا عەرەبییەکان کرووە و ڕەتیان کردووەتەوە هیچ جۆرە دۆلارێک بەناوی دۆلاری بلۆککراو هەبێت و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو دۆلارەی بەو ناوەوە خراوەتە بازاڕەکان ساختەیە و هیچ بنەمایەکی نییە.