ساڵح موسلیم: توركیا دەیەوێت ئەو مۆدێلە لەناوببات كە دامانمەزراندووە

"ھێزەكانمان تەنھا لە شەڕی منبج 5 ھەزار چەكداری داعشیان كوشتووە"

K24 - ھەولێر

ساڵح موسلیم ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە پەرلەمانی ئەوروپا گوتارێكی پێشكەشكرد و لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی سووریا رایگەیاند: "ھاتنی توركیا بۆ باكووری سووریا بۆ لێدانە لەو مۆدیلە دیموكراتیەی كە ئێمە لە رۆژئاوا دامانمەزراندووە، ئەوان داعشیان كردووەتە بیانوو، بەڵام دەیانەوێت ئەو مۆدێلە لەناوببەن كە ئێمە دامانمەزراندووە".

گوتیشی: "بەھۆی ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی لەلایەن توركیاوە خراوەتە سەر رۆژئاوای كوردستان، رەوشێكی خراپی ئابووری رووبەڕووی ھاووڵاتیان و ئەو ئاوارە عەرەبانە بووەتەوە كە لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێن، ئەمەش ھۆكارە كە ئێمە نەمانتوانیوە ھاوكاری مرۆیی بگەیەنینە ئاوارەكانە، تاكە ھۆكاریش بۆ شكاندنی ئەو ئابڵوقە ئابوورییە فشاری نێودەوڵەتییە بۆ سەر توركیا".

سەبارەت بە ھاوكارییەركانی ئەوروپا بۆ رۆژئاوای كوردستان ھاوسەرۆكی پەیەدە گوتی: "ھێزەكانی سووریای دیموكرات توانیویانە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، بەڵام ھیچ لایەكی دیكە لە رووی سەربازییەوە ھاوكاریان نەكردوین، ئەگەر ھەوڵەكان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش چڕنەكرێنەوە داعش دەگاتە ئەوروپا".

موسلیم راشیگەیاند: "تەنھا لە شەڕی منبج ھێزەكانمان 5 ھەزار چەكداری داعشیان كوشتووە، زۆربەشیان ئەوروپی بوون كە راھێانیان پێدەكرا بۆ ئەوەی لە داھاتوودا رووبكەنە ئەوروپا و كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بۆیە داواتان لێدەكەم كەمپینێك پێك بھێنن و ھاوكاریمان بكەن".