فرۆشیارێک: کڕیاری بەرهەمی خۆماڵی زیاترە

ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەشێکی زۆری سەوزە و میوەکانی هەرێمی کوردستانە، زۆربەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە بازاڕەکاندا خراونەتەڕوو، بەرهەمی ناوخۆیین.

بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران، بازاڕەکانی سەوزە، میوە و بەرهەمە خۆراکییەکانی هەرێمی کوردستانی پڕ کردووە. لەنێو بازاڕەکان، بۆ هەر گۆشەیەک بڕوانی، چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆییت دێتە پێش چاو کە بەدەستی کاری ناوخۆیی و هەوڵ ماندووبوونی جووتیارانی کوردستان بەرهەم هاتوون.

محەممەد لوقمان. فرۆشیارێکی سەوزە و میوەیە و دەڵێت، "ئەگەر کڕیارەکان بزانن ئەو بەرهەمەی دەفرۆشین، بەرهەمی خۆماڵییە، دەیکڕن، بەڵام ئەگەر بزانن، لە دەرەوە هاوردەمان کردووە، نایکڕن. بە شێوەیەکی گشتی، بەرهەمی خۆماڵی خواستی زیاتری لەسەرە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراو".

بە گوتەی فرۆشیار تەها ئەحمەدیش، بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەشێکی بەرهەمی سەوزە و میوە لە دەرەوە، سوودی بۆ جووتیاران هەبووە و بەرهەمەکانیانی لەنێو بازاڕەکاندا سا‌غ کردووەتەوە.

ئێستا وەرزی پێگەیشتی زۆرێک لە سەوزە میوەکانە لە هەرێمی کوردستان، هەر بەرهەمێک پێداویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە، حکوومەت هاوردەکردنی قەدەغە دەکات.

بایەخدان و بووژاندنەوەی ژێرخانی کشتوکاڵ، ئێستا لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، حکوومەت لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بۆ سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک دەدات .

بۆ ئەوەش پلانی هەیە بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆراکییەکان بگەیەنێتە ئاستی خۆبژێوی و ئەوەی لە پێداویستیی ناوخۆیی زیاد دەبێت، هەناردەی دەرەوەی بکات.

د.تەڵعەت محەممەد، پسپۆڕی ئاسایشی خۆراک دەڵێت، "بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆراکییەکانمان بگەیەنینە ئاستی خۆبژێوی، پێویستە پرۆژەی ئاودێری زیاتر بکەین و زەوییەکانمان ئاودێر بکەین، تاوەکوو بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆر زیاتر ببێت".

هەرێمی کورستان ژینگە، هەوا، ئاو و خاکی گونجاوی بۆ کشتوکاڵ هەیە، بۆ سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان .

بۆ ئەوە، حکوومەت لە لایەکەوە پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و لەلایەکی تر، لە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکییە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران.