بەغدا؛ دووەمین کۆبوونەوەی جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان بەڕێوە چوو

دووەمین کۆبوونەوەی لێژنەی هەماهەنگیی چوار قۆڵیی عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بۆ پاڵپشتی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە بەغدا بەڕێوە چوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لێژنەی هەماهەنگیی چوارقۆڵی لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای گشتیی ڕێگەی ئاسنی عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام هەردوو لایەنی قەتەر و ئیمارات لە ڕێگەی پرۆگرامی زووم بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
هەر لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرە پەیوەندیدارەکانی هەر چوار حکوومەتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت. هاوکات جەختیش کراوەتەوە لەوەی پێویستە پەیوەندی بە تەواوی وڵاتانی بەشدار لە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە بکرێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی پرۆژەکە.
هەر لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری بەندەرەکانی عێراق، فەرحان فەرتووسی ئاماژەی داوە، کارکردن لە چوار پرۆژەی فراوانکردنی بەندەری فاو تاوەکوو چارەکی کۆتایی ساڵی 2025 تەواو دەبن، بەڵام پرۆژەی پێنجەم کە پەیوەستە بە شۆستەکانی بەندەرەکە ئەمساڵ ڕادەگەیەنرێت.
پرۆژە ڕێگەی گەشەپێدان لە 27ی ئایاری 2022 لە بەغدا بەڕێوە چوو، پێک دێت لە ڕێگەی وشکانی، هێڵی ئاسنین و بەندەری ئاوی. ئەوەی پەیوەستە بە عێراقەوە لە ڕێگەی گەشەپێدان وەک ناوەندێکی گواستنەوە سوودی لێ وەردەگیرێت، لە بەندەری فاوەوە بە درێژی هەزار و 900 کیلۆمەتر تا دەروازی ئاڤاکۆی لەسنووری تورکیا و هەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە.
ڕێگەی گەشەپێدان بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێ دەپەڕێت. بەشداربووانی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بریتین لە عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی عێراق تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 17 ملیار دۆلارە، بڕیارە لە ساڵی 2050 کارەکانی تەواو ببێت.
هەروەها 23ـی ئایاری 2024 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق و کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگەی ئاسنینی گەشەپێدان کە کۆمپانیایەکی ئیتالییە، یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد، دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا کە ئاراستەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بێت.
ئیمزاکردنی یاداشتەکەش لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو کاتێک لە 12ـی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ بێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووریی زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووریی بۆ خەڵک دەبێت.