بەغداییەکان: گەندەڵی وەک میرات حکوومەتەکان بۆ یەکتری جێی دەهێڵن

ساڵانە سەدان پرۆژە لە عێراق بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت بەبێ ئەوەی تەواو بکرێن. بەجۆرێک، پرۆژە هەیە 20 ساڵە حکوومەت لە دوای حکوومەت پارەی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام نە پرۆژە دیارە نە تەواویش دەکرێت.

ساڵانێکی زۆر تێپەڕین و بەهەدەردانی ملیاران دیناری بە ناوی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی عێراق بەردەوامن. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هێندەی پارە و بودجە بۆ پرۆژە وەهمی و شکستیخواردووەکان تەرخان کراوە، ڕەنگە بەشی دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ بکات.

هاووڵاتییان بەنیگەرانی و بێزاریییەوە باس لە دۆخەکە و ئەو گەندەڵییە زەقەیە هەیە، دەکەن و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی دامەزراوەیەکی چاودێر بەسەر لایەنی جێبەجێکار دەگەڕیننەوە، کە تاوەکوو ئێستا وەک پێویست نەتوانراوە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکرێنەوە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا دەڵێ "20 ساڵ یان زیاتر لە 20 ساڵ دەبێت پرۆژە هەیە کاری لەسەر دەکرێت، لەکاتێکدا بەکاتێکی کەم دەکرێت تەواو بکرێ. حکوومەت لە دوای حکوومەت دێن و پارە بۆ هەمان پرۆژە خەرج دەکەنەوە کەچی هەر تەواو نەکراوە".

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: گەندەڵی لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ناو چووەتە دامەزراوەکانەوە بە تایبەتی لە ناو حکوومەتەکانی پێشوودا. لەلایەکی دیکەوە هیچ کەس و لایەنێکی گەندەڵمان نەبینی بدرێتە دادگە، پێویستە حکوومەت و دەستەی دەستپاکی بەرپرسارێتی ئەم بابەتە بگرنە ئەستۆ.

بە گوتەی هاووڵاتییان، گەندەڵی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی عێراقی گرتووەتەوە و وەک میراتییەکیش لە کابینەیەکەوە بۆ کابینەی دواتر دەمێنێتەوە و ئەندامێکی پەرلەمانیش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی ئیدارەدان و لاوازی حکوومەتەکانی پێشوو و تەنانەت حکوومەتی ئێستاش.

مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ژمارەی پرۆژە تەواو نەکراوەکانی عێراق بەردەوام ڕووی لەزیادبوونە. بە گوێرەی ئامارەکان تا کۆتایی ساڵی 2023، نزیکەی هەزار پرۆژەی تەواونەکراو لە پارێزگاکانی عێراق هەبوون، ئەمەش واتە بەهەردانی ملیۆنان دۆلار بەبێ لێکۆڵینەوە، یان وەک هەندێک دەڵێن، ئەو پارەیە بە حزبە سیاسییەکان دراوە بە ناوی پرۆژە.

هەر لە سەر پرسی گەندەڵیی و بە هەدەردانی سامانی گشتی، ئەمیر مەعمووری کە پەرلەمەنتارێکی سەربەخۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە دەپرسێت "ئایا دەزانن وەزارەتی دارایی چەندان ملیاری دیناری وەک یارمەتی دارایی لە بودجە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانە بڕیوەتەوە کە بەشێکیان ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و بەشەکەی دیکە ئەو پارتانەن کە بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە؟"

لە یەکێک لەو بەڵگەنامانەی ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ساڵی 2018ـەوە 13 ملیاردینار و لە بودجەی گشتیی 2024 پێنج ملیار دیناری وەکو یارمەتیدانی بەشێک لە حزب و لایەنەکان تەرخان کردووە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی مەعمووری، ئەو پارەیەی بۆ حزبەکان خەرج کراوە لە بودجەی گشتی، بەڕێژەی 80% ئەو پارتانە دەگرێتەوە کە ئەندامیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و 20٪یش ئەو حزب و لایەنانەن کە بەشداریان لە هەڵبژاردن کردووە.