مانگی داهاتوو ئەردۆغان و ئەسەد کۆدەبنەوە

سەرچاوە مێدیاییەکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، ڕەنگە مانگی داهاتوو لە دەروازەی سنووریی کەسەب بەڕێوە بچێت. ئەمەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا، ئیبراهیم کاڵن و بەرپرسی هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی ناریشکین، بووە کە ڕۆژێک لەمەوبەر لە ئەنقەرە لەسەری ڕێک کەوتوون.
ڕۆژنامەی "تورکیا" کە نزیکە لە حکوومەت، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە "لە مانگی حوزەیراندا بەرپرسانی تورکیا و سووریا سێ جار دانووستانیان کردووە بۆ ئامادەکاری کۆبوونەوەکە. هەروەها پرۆسەکە بەرەو پێشەوە چووە ڕەنگە کۆبوونەوەکە مانگی ئابی داهاتوو لە دەروازەی سنووری کەسەب بەڕێوە بچێت".
نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا و سووریا لەو دەروازە سنوورییە کرا، ئەمەش بەدەستپیشخەریی ڕووسیا بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
ڕۆژی (15ـی تەمموزی 2024) بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لە دیمەشق، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر دیداری ئەردۆغان بگاتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت، ئەوا ئامادەیە ئەو دیدارە بکات.
ئەسەد ئاماژەی بەوەش کرد:ک"ێشەکە لە دیداری نێوانیان نییە لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵکو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گرنگە و ئەگەر ئامانج لێی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشتر کردنی پەیوەندییەکان و گەڕانەوەی بۆ سرووشتی پێشووی خۆی بێت، ئەوا ئێمە دەپرسین بۆچی ئاراستەی پەیوەندییەکان ماوەی 13 ساڵە لەو ڕێگە سرووشتییەی خۆی لای داوە؟".
بەشار ئەسەد زیاتر گوتی: تاوەکوو ئێستا لە هیچ بەرپرسێکی تورکیمان نەبیستووە باس لەو خاڵە بکات بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە؟ ئێمە ئەرێنین لەبارەی هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە کەس بیر لە دروستکردنی کێشە لەگەڵ دراوسێکانی ناکاتەوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە بەبێ هیچ بنەمایەک بڕۆین.
سەرۆککۆماری سووریا باسی لەوەش کرد: بەدەر لە دیداری نێوان هەردوو سەرۆک، بەشێوەیەکی گشتیی پەیوەندییەکانی نێوانمان لەگەڵ تورکیا بەردەوام بووە و لەسەر ئاستی ئەمنی، دیدار هەبووە لە ڕێگەی هەندێک نێوەندگیرەوە و ئێمەش لەوبارەیەوە ئەرێنی بووین.