دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز بووە و ئەمەریکاش هۆشداری دەدات
زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترسی فراوانبوونی شەڕ، ئەمەریکای ناچار کردووە بە ڕاست و چەپ هۆشداریی بدات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی بایدن تارانی ئاگادارکردووەتەوە کە هۆشداریی بداتە گرووپە چەکدارەکانی و خۆیان لە زیادکردنی گرژییەکانی ناوچەکە دوور بگرن.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل، ئەگەر لە پێگەکانی حزبوڵڵا لە بەیروت بدات، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
دوای هێرشەکانی سەر عەین ئەسەد و مەجدەل شەمس ئەمەریکا هۆشداری دەدات و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل، ئەگەر لە وەڵامی هێرشەکەی سەر مەجدەل شەمس هیرش بکاتە سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە بەیروت، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
دوای زیاتر لە چوار مانگ بێدەنگی، بە کاوەخۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستیان پێ کردووەتەوە تەنیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دووجار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق.
ئەمەریکاش لە چوارچێوەی ئەرکی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا و بۆ پاراستنی بنکە و هێزەکانیان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، هەفتەی ڕابردوو، دوو فڕۆکەی جەنگی بی-52ی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و بۆ 32 کاتژمێر لە ئاسمانی ناوچەکە سووڕانەوە.
ئەمەریکا لەبەردەم گرنگترین گۆڕانی سیاسیدایە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە، هەربۆیەش ئیدارەی بایدن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە زیادبوونی گرژییەکان و هەڵگیرسانی شەڕیکی دیکە لە ناوچەکە، لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.