سوودانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە
K24 – کەرکووک:
بڕیارە سبەی شەممە لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کە بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەی ئەنجام بدرێت و تێیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند جارێک بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ فراکسیۆن و پێکهاتەکانی شارەکە کۆبووەتەوە و یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنیش هەر بە فشاری ئەوبوو، کەمتر لە دووهەفتەش ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەلایەن و پێکهاتەکانی کەرکووکی داوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ شارەکە بە بەشداری سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە سبەی شەممە (3ـی ئابی 2024) سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە، پێشبینییەکان ئەوە دەڵێن هەفتەی داهاتوو گرێکوێرەکان دەکرێنەوە و دوای زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حکومەتێکی خۆجێیی نوێ دێتە ئاراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە هەمووان داوای دەکەن. لەو چوارچێوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن لە پێکهاتەی عەرەبی کۆبۆوە داوای کرد بەربەستەکان هەڵبگیرێن و بەپەلە حکوومەتی خۆجێی لە شارەکە پێک بێت.
هەفتەی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و جەختی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بە کۆدەنگی هەموو پێکهاتەکان کردەوە و بەپێی زانیارییەکانیش سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر لە ماوەی یاسایی لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات".
لە 11ـی تەمموزی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو؛ ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.
کورد، سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە دەبێت پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.
ڕۆژانی 16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریی لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە لە دەنگدان بێبەشبوون.
ڕۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2023 کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتیی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسیی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
لە کۆی 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كورد خاوەنی حەوت كورسییە (پێنج کورسی بۆ یەكێتی و دوو کورسی بۆ پارتی)، پێکهاتەی عەرەبیش شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبیی كەركووك سێ کورسی، لیستی قیادە دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبە یەک کورسی هەیە)، هاوکات بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو ڕۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.