كوردستان24 له‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تدا كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان له‌لایه‌ن داعش و دۆخی ئێستایان ده‌خاته‌ ڕوو

K24 – هەولێر:

ده‌ ساڵ به‌سه‌ر هێرشی داعش بۆ سه‌ر شنگال و كۆمه‌ڵكوژكردنی ئێزدییه‌كان تێ ده‌په‌ڕێت، هه‌ڵوێستی عێراق به‌رانبه‌ر به‌ شنگال و ئێزدییه‌كان، ڕۆڵی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان و ئه‌نجامی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی "بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش" له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تدا له‌ كوردستان24ـدا كه‌ هه‌كار نهێلی پێشكه‌شی كرد، خرایه‌ به‌ر باس و تاوتوێ كردن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش میوانه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌ دوایین زانیارییان خسته‌ ڕوو.

له‌ سه‌ره‌تادا جه‌عفه‌ر سمۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای بنكه‌ی لالش و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدیان له‌ دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، حكوومه‌تی عێراق تا ئێسته‌ شنگال وه‌كوو قه‌زایه‌كی عێراقی و دانیشتووانه‌كه‌یشی وه‌كوو دانیشتووانی عێراقی ته‌ماشا ناكات، له‌ به‌رانبه‌ردا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ ڕووی خه‌ڵكی شنگالدا كرده‌وه‌ و هه‌موو هاوكارییه‌كیان پێشكه‌ش كردن.

جه‌عفه‌ر سمۆ باسی له‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی عێراق چه‌ندان ئه‌ركی له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كان له‌سه‌ره‌، له‌وانه‌؛ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال و گیراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی و زه‌مینه‌سازیی ئه‌منی، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر هیچ یه‌كێك له‌م ئه‌ركانه‌یدا وه‌كو پێویست نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێكی جیددی نه‌ناوه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ شاكر مه‌حموود، ئه‌فسه‌ری ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هێرشی داعش بۆ سه‌ر شنگال، به‌ پێویستی زانی ده‌سته‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی تاوانی ڕێكخراوه‌كه‌ پێك بهێنێت، به‌ شێوه‌یه‌ك له 2014ـوه‌ تاكوو ئێسته‌ 2500 كه‌یسی تاوانه‌كانی داعش تۆمار كردووه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا به‌ڵگه‌كانیان ڕاده‌ستی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌دا كه‌مته‌رخه‌مه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێك ڕه‌شنووسی به‌جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییانی ئاراسته‌ی به‌غدا كردووه‌، به‌ڵام عێراق هیچ هه‌نگاوێكی له‌م باره‌وه‌ نه‌گرتووه‌ته‌ به‌ر.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2ـی ته‌ممووزی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

سه‌باره‌ت به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌، هه‌رمان میرزا، نوێنه‌ری میری ئێزدییان و ڕاوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدیان گوتی، ئه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه ده‌یانگرێته‌وه‌، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌  پاڵپشتی داراییان پێ ده‌گات. ڕوونیشی كرده‌وه‌، ئه‌م پاڵپشتییه‌ داراییه‌ جگه‌ له‌ بنكه‌ی لالش و هاوكاریكردنی پرۆسه‌ی خوێندنی 2024 – 2025 بۆ شنگالییه‌كان، سه‌دان لایه‌نی دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌رمان میرزا باسی له‌وه‌ش كرد، 3775 كه‌س له‌ كچان و كوڕانی شنگال كه‌ له‌ ساڵی 2014ـدا زیانمه‌ند بوون، له‌ناو لیستی ئه‌و كه‌سانه‌دان كه‌ پاڵپشتییه‌ داراییه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران وه‌رده‌گرن، هاوكات هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ی شنگال به‌ شێوه‌ی جیا جیا له‌و بڕیاره‌ سوودمه‌ند ده‌بن.