جۆ بایدن: وەڵامی هەموو هێرشێک دەدەینەوە بکرێتە سەر سەربازەکانمان

بایدن و هاریس لەبارەی هەڕەشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، لەلایەن تیمی ئاسایشی نەتەوەییەوە جۆ بایدن و کامیلا هاریس لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد ئاگادارکرانەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە دەیخەنە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و دوایین هێرشی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، زانیارییان پێدراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بایدن و هاریس لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی باسیان لەو هەنگاوانە کرد کە دەینێن بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانیان و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکی بەو شێواز و شوێنەی خۆیان هەڵیدەبژێرن.

لە کۆبوونەوەکە باس لە بەردەوامی پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دووپاتکراوەتەوە و هاوکات جەختیش لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان جەختی لەسەر کرایەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێنج سەربازیی ئەمەریکی برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.