ئۆستن و گالانت: هێرش بۆ سەر عەین ئەسەد لێکەوتەیەکی مەترسیدارە
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هێرشی سەر بنکەی "عەین ئەسەد"ی ئەمەریکی لە عێراق، بە "هەڵکشانی مەترسیدار و نیشاندەری ڕۆڵی ناسەقامگیرکەری ئێران لە ناوچەکە" دەزانن.
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوانیان، ئۆستین پابەندبوونی پتەوی ئەمەریکای بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە "لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان و میلیشیاکانی دیکەی هاوپەیمانی ئێران".
هەروەها لەمیانی پەیوەندییەکەدا، ئۆستن نوێکارییەکی لەبارەی "ڕێوشوێنەکانی ئامانجی بەهێزکردنی هەڵوێستی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دۆخەکە" ڕوون کردەوە.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 5ـی ئابی 2024، پنتاگۆن ڕایانگەیاند، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدایە، بە مووشەک بۆردوومان کرا و چەند سەربازێک بریندابوون.
لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 25ـی تەمموز، زیاتر لە 170 هێرش کراونەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و ئوردن.