ئێران داوای چەکی پێشکەوتوو لە ڕووسیا دەکات
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووتەوە، حکوومەتی ئێران بەهۆی ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە، داوای چەک و پێداویستیی پێشکەوتووی سەربازیی لە ڕووسیا کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، لە دوای پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 300 بە تاران، ئێستا ڕووسیا دەستی بە پێدانی سیستەمی پێشکەوتووی ڕاداری دوورمەودا بە ئێران کردووە.
هەروەها ئاماژەی داوە، بەو پێیەی سێرگێی شۆیگۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا لە تارانە، ئەگەر هەیە ڕێککەوتنی نوێ بکرێت لەسەر کڕینی چەک و سیستمی پێشکەوتووی زیاتر لە ڕووسیا بۆ ئەوەی خۆی بۆ شەڕێکی گەورە و بەهێز ئامادە بکات، بە تایبەت کە بەڵێنی تۆڵە سەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی داوە کە بەرە بەیانی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناوجەرگەی تاراندا کوژرا.
هەروا ئاژانسی ئێرنا بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی محەممەد باقڕی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و سێرگێی شۆیگۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا، باقڕی ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا ستراتیجی و درێژخایەنن و بە گۆڕینی حکوومەت تێک ناچێت.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جەختی لە هاوکاریی سێ قۆڵی ئێران و ڕووسیا و چین کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، ئەمەریکا باش دەزانێت جیهان لە هێزی تاک جەمسەری دەرچووە.
شۆیگۆ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەموو هاوکارییەکی ئێران دەربڕیوە لە هەموو ڕوویەکەوە و لە کاروباری ناوچەکەشدا.
سێرگێی شۆیگۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا، دوێنێ دووشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی لەسەر بانگهێشتی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری باڵا و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران گەیشتە تاران.
بە گوێرەی مێدیاکانی ئێران، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندە باڵاکەی ڕووسیا، ئاڵۆزییەکان و دۆخی ناوچەکە لەگەڵ پەیوەندییە ئەمنی و سیاسییەکانی دوو لایەنە تاوتوێ دەکەن بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییە هەمە لایەنەکان.