ساسان عەونی: مەسرور بارزانی  جه‌خت له‌ خزمه‌تکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پێشخستنی شاره‌كان ده‌كاته‌وه‌

وه‌زیری شاره‌وانی  لەگەڵ  سه‌رۆك به‌ش و ئه‌ندازیاران و فه‌رمانبه‌رانی به‌شه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی
وه‌زیری شاره‌وانی لەگەڵ سه‌رۆك به‌ش و ئه‌ندازیاران و فه‌رمانبه‌رانی به‌شه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر كاری باشتر و جوانتر و خزمه‌تی زیاتری هاووڵاتییان و پێشخستنی شاره‌كان ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌دا بن.

چوارشه‌ممه‌ 7ـی ئابی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی کردەوە "ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار لەگەڵ سه‌رۆك به‌ش و ئه‌ندازیاران و فه‌رمانبه‌رانی به‌شه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی کۆبووە و گفتوگۆی سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی به‌دواداچوونی  ئیشوكار و گرفت و داواكارییه‌كانیانی هاووڵاتییان كرد".

وه‌زیری شاره‌وانی باسی گرنگیی و ڕۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی کرد لە خزمه‌تكردن و پێشخستنی شاره‌كان، ئاماژەی بەوەش کرد "مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر كاری باشتر و جوانتر، هاوکات خزمه‌تکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پێشخستنی شاره‌كان ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌  ئه‌ندازیاران و فه‌رمانبه‌رانی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی ده‌بێت له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌دا بن كه‌ حكوومه‌ت ئه‌و متمانه‌یه‌ی پێداون بۆ‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌م بن".

‌گوتیشی: بۆ له‌مه‌ودا ده‌بێت كاری باشتر بکەن و  كاتی زیاتر بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا تەرخان بکەن، هاوکات كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ڕۆتین و دواكه‌وتنی مامه‌ڵەی هاووڵاتییان بكه‌ن.

ساسان عه‌ونی داوای كرد "به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ وه‌ڵامی نووسراو و مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وە به‌رپرساریه‌تییه‌ و له‌سه‌رشانی هه‌موومانه‌ و‌ ده‌بێت به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكرێت".