فەلاح حەسەن: دامەزراندنی ڕێکخراوەکان دەبێت لەگەڵ داب و نەریت و بنەما پیرۆزەکانی ئایین بگونجێت
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان ئاماژە بەوە دەکات، دامەزراندنی ڕێکخراوەکان دەبێت بەپێی بنەما پیرۆزەکانی ئایین بێت و لەگەڵ داب و نەریت و کەلتووری گەلی کوردستان گونجاوبێت، دەشڵێت: بەپێی یاسا و پرنسیپە کەلتووری و کۆمەڵایەتیەکان مۆڵەت بەرێکخراوەکان دەدرێت.
پێنجشەممە 8ـی ئابی 2024، فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەمیانی پێدانی بڕوانامەی تۆمار بۆ چەند رێکخراوێکی تازەی ناوخۆیی و بیانی ، ئەمڕۆ لە هەولێر لە مەراسیمێکی تایبەتدا بڕوانامەی تۆمار درایە چەند رێکخراوێکی ناوخۆیی و بیانی کە لە بوارەکانی ژینگە و زمان و پەروەدە و ئاین، هەروەها کاری مرۆیی و جینۆساید و تەندروستی خزمەت بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە مەراسیمەکەدا فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە بەشداربووان کرد کە بە خۆبەخشی بڕیاریانداوە خزمەتی مخەڵکی کوردستان دەکەن و کار ئاسانی بۆ پێشخستنی هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان تیشکی خستە سەر ئەوەی، بابەتی دامەزراندنی ڕێکخراوەکان دەبێت بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان بێت و بگونجێت لەگەڵ داب و نەریت و کەلتووری گەلی کوردستان و بنەما پیرۆزەکانی ئایین.