دۆخی ئابووری کاریگەریی نەرێنی لەسەر منداڵانی تورکیا دروستكردووە

ژمارەیەک منداڵ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تورکیا - وێنە: ئەرشیف
ژمارەیەک منداڵ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تورکیا - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

ئابووریی تورکیا لە ساڵی 2019ـەوە لە دۆخێکی ناهەمواردایە و کاریگەریی بەسەر تەواوی چین و توێژەکانەوە هەیە، منداڵانیش بێبەش نین لەو کاریگەرییە نەرێنییە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی گەشەپێدان و هەماهەنگیی ئابووریی، لە تورکیا شەش ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە هەژارییەکی سەختدان زیاتر لە 171 هەزار منداڵیش پاڵپشتی و هاوکاریی مرۆیی وەردەگرن.

لە تورکیا زیاتر لە شەش ملیۆن منداڵ لەژێر هێلی هەژارییەکی سەخت دان، ئەمە زانیاریی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی گەشەپێدان و هەماهەنگیی ئابوورییە و دەڵێت: لە هەر پێنج منداڵ؛ یەکێکیان بە خۆراکی تەندروست و گەشەپێکەر ناگات.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 85 ملیۆن و 372 هەزار و 377 کەسە. لەناو ئەو ژمارەیەدا لەسەدا 26.5ـی منداڵن و بەگوێرەی راپۆرتەکە، 6.5 ملیۆن منداڵ لە تورکیا لەژێر هێڵی هەژارییەکی سەخت دان و لە نێوان چوار منداڵدا یەکێکیان بە برسێتی دەچنە قوتابخانە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی منداڵی هەژار زۆر بەرزە. ڕێکخراوی گەشەپێدان و هەماهەنگیی ئابووری ئاشکرای کردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024 لە تورکیا 171 هەزار و 895 منداڵ هاوکاریی وەردەگرن، ژمارەکە لە ساڵی 2023، 164 هەزار منداڵ بوون، لە ساڵی 2022، 157 هەزار و 248 منداڵ بوون، ساڵێک پێشتر واتە لە ساڵی 2021، 140 هەزار و 275 منداڵ بوون. لە 2020، 129 هەزار و لە دەستپێکی هاوکارییەکان واتە لە ساڵی 2012ـدا ژمارەکە 37 هەزار و 295 منداڵ بوونە.

دۆخی ئابووریی تورکیا لە حاڵەتی مەترسیدایە بەوەی هەڵاوسان لەسەدا 61.78ـە، سنووری هەژاریی لەو وڵاتە بۆ خێزانێکی چوار کەسیی گەیشتووەتە هەزار و 840 دۆلار، سنووری برسێتیش بووەتە نزیکەی 565 دۆلار، هەرچەندە حکوەمەت باس لە باشتربوونی دۆخی ئابووری دەکات بەڵام ئاییندەی سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی تورکیا ناڕوونە.

Fly Erbil Advertisment