عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی: پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناحه‌زی زۆره
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، گوتارێكی قورئان بۆ موسڵمان بریتییه له‌وه‌ی ئاشتی بپارێزن و شه‌ڕی ئه‌وانه نه‌كه‌ن كه له هه‌ر ئایین و سه‌ر به هه‌ر بیروباوه‌ڕێك بن و له‌گه‌ڵیان به ئاشتییانه ده‌ژین.
ڕۆژی شه‌ممه، 10ـی ئابی 2024، عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، موسڵمانان له‌سه‌ریانه به ئاشتییانه له‌گه‌ڵ پێكهاته ئایینییه‌كانی دیكه بژین به‌تایبه‌ت كه هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ن و ئاشتی و ئاسایش له نێوانیاندایه.
سه‌عید وه‌یسی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، كورد له ده‌وروبه‌ری دوژمنی زۆر و هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانه‌كه‌یه‌تی و ناحه‌زانی له ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی جوانی پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان تێك بده‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، كه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) له ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌رایه‌تیدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان تانه و قسه‌ی نه‌شیاو بووه‌وه، به‌ڵام به حیكمه‌ت و ڕه‌وشتی به‌رزییه‌وه سه‌لماندی پێغه‌مبه‌ری ئاشتییه.
هه‌روه‌ها سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، به پێی یاسای عێراقی هه‌ر كه‌س بێڕێزی به پیرۆزییه‌كان بكات و هه‌ستی باوه‌ڕدارانی ئایین و ئایینزاكان بریندار بكه‌ن، سزا ده‌درێت و ده‌بێت ملكه‌چی سزادان بێت.
ڕۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان ڕایانگەیاندبوو، بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی قاسم شەشۆ دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لە شنگال، بەرامبەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان (محەممەد - دروودی خوای لەسەر بێت) گوتوویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینەبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەکێک لە شانازییەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندڕەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەک ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.
هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان ئاماژەیان بەوەکردبوو، ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نییە، لەپێناو یەکڕیزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کە ھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.