هەواڵگریی ئەورووپا: ئێران مووشەکی بالیستی بە ڕووسیا دەدات

مووشەکی بالستی فەتح - 360
مووشەکی بالستی فەتح - 360

هەواڵگریی ئەورووپا ئاشکرای کردووە کە ئێران بە نیازە مووشەکی بالیستی کورتمەودا بە ڕووسیا بدات و بۆ ئەمەش مەشق بە ژمارەیەک سەربازیی ڕووسیا دەکات، لە بەرانبەردا ئەمەریکا هۆشداری وەشاندنی گورز لە تاران دەکات، ئەگەر پشتیوانیی لۆجستی بە مۆسکۆ بدات.

دوو سەرچاوەی هەواڵگری ئەورووپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئێران مەشق و ڕاهێنان بە دەیان سەربازی ڕووسی دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی جۆری فەتح 360 و بڕیاریشە بەم نزیکانە کاروانێکی ئەو جۆرە مووشەکە ڕەوانەی ڕووسیا بکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری دوو سەرچاوەی هەواڵگری ئەورووپایی بڵاوی کردووەتەوە، شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو لە تاران گرێبەستێکیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزا کردووە بۆ دروستکردنی مووشەکی بالستیی فەتح 360، ئێستاش ژمارەیەک سەربازی ڕووسیا لە ئێرانن بۆ ئەوەی مەشق و ڕاهێنان لەسەر چۆنێتی هەڵدانی مووشەکەکان بکەن لە جەنگی ئۆکرانیا.

بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەورووپا، مووشە بالیستییەکەی ئێران مەودای 120 کم دەبڕێت و توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی 150 کیلۆ تەقەمەنیی هەیە. بەمەش ڕووسیا دەتوانێت سیستمی مووشەکییەکانی زیاتر پەرە پێ بدات و جبەخانەیەکی بەهێزتری مووشەکی هەبێت.

لەسەر ڕێککەوتنەکەی مۆسکۆ و تاران، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هاوبەشەکانی گرووپی حەوت ئامادەن وەڵامێکی خێرا و توندی ئێران بدەنەوە، ئەگەر مووشەکی بالستی بە ڕووسیا بدات.

هەروەها ڕایگەیاندووە، پێدانی پشتیوانیی لۆجستی بە ڕووسیا بۆ جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا بەزاندنی هێڵی سوورە و کۆشکی سپی بەردەوام هۆشداری داوە لەوەی ئێران و ڕووسیا لە دوای هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا، پەرەی زیاتریان بە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیان داوە.