ڤایرۆسێك گه‌شتی نێوان دوو وڵاتی راگرت
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی زیكا, هۆنك گۆنگ بڕیاری دا گه‌شته‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتی سه‌نگاپووره رابگرێت، بڕیاره‌كه‌ش نیگه‌رانی لای هاووڵاتیانی هۆنگ كۆنگ دروست كردووه, چونكه به‌شێكی زۆری هاووڵاتیيانی ئه‌و وڵاته بۆ گه‌شتوگوزار سه‌ردانی سه‌نگاپووره ده‌كه‌ن, به‌تایبه‌تيش له‌كاتی پشووه‌كاندا.
مۆنا لی, هاووڵاتییه‌كی هۆنگ كۆنگه و ده‌ڵێت: "ئێمه زۆر له‌و بریاره نیگه‌رانین، چونكه ماوه‌ی ساڵ و نیوێكه سه‌ردانی سهنگاپورامان نه‌كردووه، به‌شێك له‌هاولاتیان بۆ هاوسه‌رگیری سه‌ردانی ئه‌و ولاته ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌یه".
بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی هۆنگ كۆنگ به‌شێك له‌و گه‌شتیارانه‌شی نیگه‌ران كردووه، كه ئێستا له وڵاتی هۆنگ كۆنگن و پلانیان هه‌بوه سه‌ردانی سه‌نگاپووره بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه گه‌شته‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه.
تۆماس ئۆلسین, گه‌شتیاری دانیماركی, ده‌ڵێت: "له‌راستیدا بۆ به‌سه‌ربردنی پشوو هاتوومه‌ته ئێره، بیریشم له سهنگاپوورهو مالیزیا كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا نازانم ده‌چم یان نا، چونكه ببم به هه‌ڵگرێكی ڤایرۆس زیكا، زۆر زه‌حمه‌ته بتوانی خۆت له‌م ڤایرۆسه بپارێزی ته‌نانه‌ت مه‌حالیشه".
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆنگ كۆنگ رایگه‌یاندووه به وردی چاودێری بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ن, بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان بده‌ن به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتی سه‌نگاپوورا، ڤایرۆسی زیكا یه‌كێكه له‌و نه‌خۆشیانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بڵاوده‌بێته‌وه‌و چاره‌سه‌ریشی ئاسان نیيه، به‌پێی ئاماری بانكی نێوده‌وڵه‌تیش وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باشوور له شه‌ش مانگی رابردوودا زیانی 5 ملیار دۆلاریان به‌ركه‌وتووه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه، ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كیشوه‌ری ئاسیاش له ئارادایه.