عارف ڕوشدی: هیوادارم لە خولی ئەمجارەی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور

kurdistan24.net

عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت؛ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان گرنگی و بایەخی تایبەتی دەبێت و هیوادارم لە خولی ئەمجارەی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور، چیتر بەبێ دەستوور نەمێنینەوە.

ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو سەرنجانەی پارتی لەسەر بڕیار و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەیبوو، سیاسیی نەبوون، بەڵکو تێبینی یاسایی بوون لەسەر ئەو کەموکوڕیانەی کە هەبوون؛ چونکە ناکرێت پارتی بە بوونی ئەو هەموو کەموکوڕیانەی هەبوون بچێتە نێو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، هەرچەند تەواوی تێبینییەکانی پارتی چارە نەکران، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان و پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بەشدارییەکی کارا و کاریگەری هەبێت بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرکەمانی کوردستان.

گوتیشی: هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنێکی چارەنووس ساز دەبێت و دەرخەری ئەو ڕاستییە دەبێت کە کام لایەنە دڵسۆز و خەمخۆری ڕاستەقینەی هاووڵاتییان بووە، هەربۆیە هیوادارم هەموو لایەنەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک خۆی قەبووڵ بکەن.

ڕاشیگەیاند، هیوادارین خەڵکی کوردستان هەموو،  لە کاتی دەنگدان ئەو ڕاستیانەیان لەبەرچاو بێت کە کام لایەنی سیاسیی لە حکوومەت و لە کاری سیاسییدا لە خەم و پەرۆشی داکۆکیکردن بووە لە زامنکردن مافەکانی خەڵکی کوردستان؛ هەر بۆیە دەنگدان بایەخی خۆی هەیە و هەر دەنگێکی بەهای خۆی دەبێت.

هەروا گوتی: هیوادارم لە خولی نوێی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور و چیتر بەبێ دەستوور نەمێنینەوە، چونکە ئەگەر دەستوورێکمان هەبووایە، ئەوە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی هەبوون، یان ڕوویان نەدەدا یان بە ئاسانی چارە دەکران.