ڕوانگەی سووریی: پێنج چەکداری سەر بە ئێران لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کوژران

سووریا "ئەرشیف"
سووریا "ئەرشیف"

پێنج چەکداری سەر بە ئێران لە هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک سنووری عێراق کوژران.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایەگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان پێنج چەکداری سەر بە ئێران کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە".

ڕوانگە ئاماژەی بەوەش دا "هێرشەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە کراوە، هەروەها چەکدارەکان لەناو ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا بوون کە هاتوچۆیان لە نزیک سنووری سووریا و عێراق دەکرد.

ناوچەی سنووری نێوان ڕۆژهەڵاتی سووریا و عێراق یەکێکە لە دیارترین ئەو ناوچانەی کە ئێران و گروپەکانی سەر بەو وڵاتە تێیدا باڵا دەستن لە سووریا، لەنێویاندا کوتلە عێراقییەکان.

ڕوانگە دەشڵێت: لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، سێ چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک سنووری عێراق کوژران.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سووریا کردووە.