بەرەی مقاوەمەی عێراق هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

بەرەی مقاوەمەی بە ناوی ئیسلامی عێراق هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەم جارە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کۆتایی نایەت.

لەگەڵ ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکی بە چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشی هەماهەنگییەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق ڕایگەیاندووە، کە پابەندی هیچ کۆتوبەندێک نابن، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا جارێکی دەست بۆ گرووپ و چەکدارەکانی بەرەکە درێژ بکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەڕەشەیان کردووە، ئەگەر ئەمەریکا ئاسمانی عێراق بەکار بهێنێت بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران، ئەوە گرووپەکانی مقاوەمە دەستەوەستان نابن و هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا کۆتایی نایەت.

دوای ئەوەی ناتانیاهۆ ئەمەریکای ئاگادارکردەوە لە نزیکبوونەوەی وادەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا فەرمانی بە جوڵاندنی هێزی زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئەمجارە کەشتی فڕۆکە هەڵگری F-35 و ژێر دەریایی هەڵدەری مووشەکی کڵاوەی ئەتۆمی لە ناوچەکە جێگیر دەکات.

بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی مۆسادی ئیسرائیل، ئێران لە ئان و ساتە بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر سەر خاکی ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوە و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کە خۆیی پاسەوانەکەی بەرە بەیانی ڕۆژی 31ی تەممووزی 2024 لە ناو جەرگەی تاران کوژران.