بۆرێل: هەردوو وەزیری ئیسرائیل بێزالێل سمۆتریچ و ئیتمار بن گڤیر، تاوانی جەنگییان کردووە
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە تویتێکدا ڕایگەیاند "هەردوو وەزیری ئیسرائیل بێزالێل سمۆتریچ و ئیتمار بن گڤیر، تاوانی جەنگییان کردووە" هەروەها داوای کرد سزا بدرێن. ئەمەش بەهۆی ئەو بانگەوازەی بن گڤیر بۆ بڕینی سووتەمەنی و یارمەتیدانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.
بۆرێل، لە ئەکاونتی خۆی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس دەڵێ، لەکاتێکدا جیهان فشار دەخاتە سەر ئاگربەست لە غەززە، وەزیر بن گڤیر داوای بڕینی سووتەمەنی و یارمەتینەدانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەک لێدوانە خراپەکانی وەزیری سمۆتریچ، هاندانێکە بۆ کردنی تاوانی جەنگ. هەروەها دەبێت سزاکان لە کارنامەی یەکێتیی ئەورووپادا بن.
بۆرێل، داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد، بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی تاوانی جەنگ دوور بخاتەوە و داوای لێ دەکەم بە نیەتێکی باشەوە بەشداری ئەو دانوستانانە بکات کە لەلایەن ئەمەریکا و قەتەر و میسرەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بۆرێل، هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر یەکێک لە قوتابخانەکانی غەززە، کە ئاوارەبووەکانی کەرتی غەززە تێیدا نیشتەجێبوون بە "ترسناک" وەسف کرد و گوتی، هەست بە "ترس" دەکات بەهۆی وێنەکانەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم بۆمبارانی 10 قوتابخانە کراوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەم کۆمەڵکوژییانە نییە.
ڕۆژی شەممە، 10ـی ئابی 2024، لە هێرشێکی ئیسرائیل لە کاتی نوێژی بەیانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەراج، لە ناوەڕاستی شاری غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
هەر ڕۆژی شەممە، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له هه‌مان كاتدا دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌هۆی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه ژماره‌ی كوژراوان بۆ 39 هه‌زار و 790 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 92 هه‌زار و دوو كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.
لای خۆیەوە کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه.
کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەلەستین ڕایگه‌یاند، تا ئێسته له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل‌دا زیاتر له 10 هه‌زار كه‌س كه نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه.