گوتەبێژی پارتی: هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکووک یاسایی نییە

مەحموود محەممەد: تاكڕەویی و پەراوێزخستنی لایەنەكان چارەی گرفتەکانی کەرکووک ناکات
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دابەشکردنی پۆستە ئیدارەییەکانی شارەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی کراوە یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لە سەر بنەمایەکی دروست نییە و ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەیەكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركووك.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەوەی لە 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركووك کرا، بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی  بووە، هەر بۆیە نایاساییە.

هەروەها ئاماژەی داوە "ئەوەی كراوە چارەیەکی گونجاو نییە بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی کەرکووک، چونکە چارە ئەوەیە تاكڕەویی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت. بەڵکو دەبێت هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی پارتی هاتووە "لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندان كۆبوونەوە کراوە. لە دوایین كۆبوونەوەشدا لە 4ی ئابی 2024، لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە".

مەحموود محەممەد دەڵێت: جەنابی سەرۆك بارزانی پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار، كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێت، ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون. 

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:

لێدوانێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پرۆسەی سیاسی، چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركووك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەیەكی گونجاو. چونكە دۆخی كەركووك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.

لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت. لە درێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثي) بێت. ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون. لەدوای ئەوە چەندین كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەمووجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و نێوەندگیریەكانی بەڕێز سودانی دەكرا چونكە دۆسیەكە لەدەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.

ئەوەشی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركوك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نییە. پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركوك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا بەشدار بن.

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

12-08-2024