فەلاح حەسەن: دەستێک هەیە هەوڵ دەدات لاوی کوردستان بێ ئومێد بکات لە وڵاتەکەی

فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی فەرمانگە ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لاوی کوردستان بێ ئومێد بکرێت لەوەی خزمەتی وڵاتەکەی خۆی بکات، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات دەرفەتی زیاتری کار بۆ گەنجان بدۆزێتەوە و لەبەڕێوەبردنی حکوومەتێکی دیجیتاڵیی پشتییان پێ ببەستێت.

لەبارەی دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لاوان لەڕێگەی فەرمانگە و دەزگاکانی لەچوارچێوەی ئەو پرۆگرامە جیهانییەی بۆ لاوان هەیە.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی بە وزەی گەنج هەیە، هەر وڵاتەک ژمارەی گەنجەکانی زیاتر بێت، دەتوانێت خزمەتێکی زیاتری پێسکەش بکات و زیاتر پێش بکەوێت.
دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ڕژدی داوە بۆ ئەوەی بێکاریی کەم بکاتەوە، هەوڵ دەدرێت کاری بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی بۆ گەنجان بکرێت.


ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەت پێی باشە لە زۆرینەی سێکتەرەکانی دەسەڵات و حکوومڕانی، گەنج هەبێت و ڕۆڵی خۆی ببینێت، حکوومەت بۆ ئەوە پلانی داناوە و کاری لەسەر دەکات.


دەڵێت: دۆخی ئابووریی لە سەرانسەری جیهان گۆڕانی بەسەرداهات، بۆیە دەستی کار لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان کەمبووەتەوە، لەبەر ئەوەی تەکنەلۆژیا شوێنی کاری گرتووەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵی داوە دامەزراوەکانی بە دیجیتاڵی بکات،بۆ ئەوەش پشت بە توانای گەنج دەبەستێت، چونکە نەوەی پێشو ناتوانن لەو بوارە خزمەت بکەن.
پێویستە ڕێکخراوەکان ڕۆڵی گرنگ ببینن لە کردنەوەی خولی پیشەیی، بۆ ئەوەی لاوان فێریی کاریی دەست بکەن و دەرفەتی کاریان بۆ فەراهەم بکەن، هاوکات لاوەکان خۆیان پێویستە هەوڵ بدەن پرۆژەی نوێ بێننە کایەوە و دەستپێشخەر بن لەبواریی ژینگە و تەکنەلۆژیا.
زۆر لایەن هەیە هەوڵ دەدەن بێ ئومێدیی لای لاوی کوردستان دروست بکەن، دەبێت لاوان بە سۆشیال نەخەڵەتێن، نابێت شەرم لە خزمەتکردنی وڵاتەکەی بکاتەوە، لاوی کورد دەبێت متمانەی بەوە هەبێت کە خەڵکێک هەیە دەیەوێت لەسەر خزمەتکردنی وڵاتەکەی ساردی بکاتەوە.

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی لاوانە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش جەخت لە پێدانی دەسەڵات بە لاوان دەکاتەوە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە17ـی کانوونی یەکەمی 1999، رۆژی 12ـی ئابی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی جیهانیی لاوان دیاریی کرد، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی، ڕاکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتییە بۆ کێشە و ئالەنگارییەکانی گەنجان بۆ چارەسەرکردنیان.
ئنتۆنیۆ گتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی گەشەسەندنێکی بەردەوام ، پیویستیی بە گۆڕانکارییەکی گەورە هەیە، ئەوەش کاتێک ڕوودەدات دەسەڵات بە یەکسانیی بدرێتە دەست لاوان.
ئەمساڵ بۆ رۆژی جیهانیی لاوان ئەو دروشمانە بەرزکراونەتەوە، ڕێڕەوە دیجیتاڵییەکانی گەنج بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی، هەروەها بیرهینانەوەی ئالەنگارییەکانی بەردەم گەنجان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەنجان، بەهێزکردنی لاوان، بەشداریی پێکردنی لاوان، هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی پیویست بۆ گەشەسەندنی لاوان.